کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بووە قوربانی

16:58 - 3 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی ئالانی سەردەشت بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو کۆڵبەرێکی کورد بەناوی \"شەریف حەسەن زادە\" لە نزیک گوندی \"مێرگاس\"ی سەربە ناوچەی ئالانی سەردەشت بە تەقەی هیزە ئینتزامییەکان بەتوندی بریندار کرا بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەدەشت کراوە.

بەوتەی یەکێک لە شایەتحاڵان لە ئەنجامی دەستڕێژی ئەو هێزانەدا ٣ ئەسپی بارهەڵگری کاسبکارانیش بەکوشت چوون و بارەکانیان لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوموەتی ئیسلامیی ئێرانەو دەستی بەسەرد اگیرا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای مانگی جۆزەردانەوە هەتا ئێستا ٥ کۆڵبەری کورد بەتەقەی راستەوخۆی هێــزە نیزامییەکان کوژراون و ٧ کۆڵبەری دیکەش لە ئەنجامی تەقەی ئەو ‌هێـــزانەدا بریندار بوون.

هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەش لە ناوچەی نەوسوود لەکاتی کۆڵبەریدا تووشی جەڵتەی دڵ هاتبوو کە ببووە هۆی گیان لەدەست دانی.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.