کۆڵبەرێکی دیکەی سەقزی لە سنووری بانە بریندار کرا

11:02 - 21 پووشپەڕ 2722

شەوی یەکشەممە ١٩ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئاکۆ تەڵایی" خەڵکی گوندی "مەرخوز"ی شاری سەقز، بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری "کێلە"ی بانە، بە سەختی پێکرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: "هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە کاتی ڕاودوونانی کۆڵبەران، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا، ئاکۆ تەڵایی بە سەختی بریندار کراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو کۆڵبەرە لە ئەنجامی بەرکەوتنی گولـلەی هێزە نیزامییەکان بە چەکی کڵاش شانی بە سەختی پێکراوە".

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها دەڵێت: "ئاکۆ تەڵایی بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سنە کراوە".

هەروەها، شەوی یەکشەممە ١٩ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێک بە ناوی "ئەیووب جەوان‌پوور" خەڵکی شاری سەقز، لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکان لە سنووری "کێلە"ی بانە، بریندار کرا.