کۆڵبەرێکی دیکەی سەردەشتی بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار بوو

14:40 - 7 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقە بەردەوامەکانی هێزە نیزامییەکان لە کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد خەڵکی شاری سەردەشت بە تەقەی هێزە نیزاییەکان بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٦ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"حامید ئەسلان\"، تەمەن ٣٢ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی گوندی \"بێران\"ی شاری سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پێکرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت ڕایگەیاند: ئەم کۆڵبەرە کوردە، لە شوێنێک بە ناوی \"زینوی کەوان\" لە نزیک گوندی \"بێتووش\" تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندار بووە.

سەرچاوەی کوردپا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە، ئەو کۆڵبەرە کوردە، بە هۆی سەختی برینەکەیەوە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانە نەخۆشخانەی شاری سەردەشت کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی بانەمەڕ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە شوێنێک بە ناوی \"پردە ڕووخاو\" تەقەیان لە کۆڵبەرێکی سەردەشتی کردووە و لە ئاکامدا، ئەو کۆڵبەرە کوردە، گیانی لە دەستدا.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوی \"تاهێر درانگ\" تەمەن ٣٥ ساڵ خێزاندار و کوڕی عەبدوڵلا خەڵکی گوندی \"سنجوێی\" شاری سەردەشت ڕاگەیاندراو.