کۆڵبەرێکی دیکە کورد، لە سنووری ماکۆ بریندار بوو

13:13 - 13 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری ماکۆ بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ئەکبەر محەممەدلو\"تەمەن ٣٤ ساڵە کوڕی جەمشید، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حكوومەتی بە سەختی بریندار بووە.

لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکان، لاقی ئەو کۆڵبەرە کوردە پێکراوە.
ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە بەرزاییەکانی \"ئاواجیق\"لە سنووری شاری ماکۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی دیکە، دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکان و بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو تەقەیان لێکراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری ماکۆ، دەکەونە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە و لە ئاکامی تەقە کردنی ئەو هێزانەدا، کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی\"حوسێن بەڵخکانلوو ئەقدەم\"گیانی لە دەست دا.