کۆڵبەرێکی دیکە لە سنووری ورمێ بریندار کرا

11:26 - 1 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری ورمێ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٣١ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "شەفیع حەمیدی"، کوڕی "هاشم"، لە نزیک گوندی "خانێکـ"ـی شاری ورمێ، لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران پێکرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لەو ڕووداودا، لاقی پێکراوە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری ورمێ کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، شەوی شەممە، ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان، گرووپێک لە کۆڵبەرانی کورد لە بەرزاییەکانی کێلەشینی شنۆدا، کەوتنە بەر دەسڕێژیی گولـلەی هێزەکانی سپای پاسداران.

لەم تەقەکردنەی هێزەکانی سپای پاسداراندا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ڕێبوار عومەرزادە"، تەمەن ٢٠ ساڵ، کوڕی "عێزەت"، خەڵکی گوندی "پووشاوێ"، گیانی خۆی لەدەست دا و کۆڵبەرێکی تر بە ناوی "ڕەسووڵ گوران"، خەڵکی گوندی "کانی ڕەش"، بەتوندی بریندار بوو.