کۆڵبەرێکی دیکە بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا
ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی ڕێبەندان، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی "شاهد ئەداک"، خەڵکی گوندی "ژیوار"، سەر بە هەورامان، پاش ٢٤ کاتژمێر، بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا.
ئەو کۆڵبەرە کوردە، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی ڕێبەندان، لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری نەوسوود کرانە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت.
لەو ڕووداوەدا، کۆڵبەرێک بە ناوی "ئەحمەد سەحرایی" کوڕی "موئمین"، تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی گوندی "دشە"ی شاری پاوە، گیانی لە دەست دا.
هاوکات چەند کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوەکانی "عەزیم ئەمینزادە" خەڵکی گوندی "نروێ"، "جەبار محەممەدی، زاهید نووری، جەلال نووری، ڕەسووڵ هۆشی و شادمان سەیدی" خەڵکی گوندی "کڵاشـ"ـی شاری جوانڕۆ و "تەها سەلمانی" بریندار بوون.
لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی ڕێبەندان، بازاڕییانی پاوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران لە سنووری نەوسوود مانیان گرت و خوازیاری بەدواداچوونی ئەو جینایەتە لە ڕێگای ناوەندە پەیوەندییدارەکانەوە بوون.