کۆڵبەرێکی دیکە بە گولـلەی ساچمەیی لە سنووری نەوسوود بریندار بوو

17:43 - 1 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "مەحموود شەمسی‌نژاد" خەڵکی گوندی "جۆڵاندێـ"ـی شاری سەوڵاوا بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری نەوسوود پێکرا.

هێزە نیزامییەکان لە مەودایەکی کورت و بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لەو کۆڵبەرە لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆڵبەران کردبوو.

ئەو کۆڵبەرە لەو ڕووداوە شوێنی زیاتر لە ١٠ گولـلەی ساچمەیی لەسەر جەستەی دیار بووە و ناوبراو بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە.

مەحموود شەمسی‌نژاد خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی جۆزەردان کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی "سوهەیب قەیتۆڵی" خەڵکی جوانڕۆ،بەهۆی لێدان و ئەشکەنجە هێزە نیزامییەکان لە سنووری نەوسوود بریندار کرابوو.