کۆڵبەرێکی دیکە بە هۆی بەربوونەوە لە ملەی تەتە بریندار بوو

12:45 - 28 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە ناوچەی هەورامان، کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی بەربوونەوە لە ملەی تەتە بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەشەمە، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان بە هۆی بەربوونەوە بە سەختی بریندار بوو.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە بە ناوی \"محەممەد\" خەڵکی گوندی ئەسکۆڵ سەر بە شاری مەریوان ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە، بە هۆی سەختی برینەکەیەوە هەنوکە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری مەریوان لەژێر چاودێری پزیشکی دایە و باری تەندروستی ئەو کۆڵبەرە کوردە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: محەممەد دەکەوێتە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیی و لە کاتی ڕاودووناندا، بە هۆی بەربوونەوە لە ملەی تەتە بە سەختی بریندار دەبێت.

ڕێکەوتی ١٥ی ڕەشەمە، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی گوندی\"وەردێ\" شاری سەردەشت لە کاتی ڕاودوونانی هێزە ئینتزامییەکان بە هۆی بەربوونەوە لە شاخی\"کانی زەردە\"ی ئەو شارە بە سەختی بریندار بوو.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوی\"رەسووڵ مەلا وسوو\" تەمەن ٤٠ ساڵ و خێزاندار و باوکی سێ منداڵە و خەڵکی گوندی\"وەردێ\" ناوچەی سەردەشت ڕاگەیاندووە.