کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان بریندار بوو

13:19 - 13 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: دەستڕێژی هێزەکانی حکوومەت لە کۆڵبەرانی کورد، لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی بریندار بوونی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەی لێکەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی دووشەممە ١١ی ڕێبەندان، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە گەرووی قوڵقوڵەی شاری سەلاسی باوەجانی کۆڵبەرێکی خەڵکی ئەو شارەیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا ئەو هاووڵاتییە بریندار بوو.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە ناوی \"پەیمان کەرەمی\" تەمەن ٢٤ ساڵە خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی ڕاگەیاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو سەرچاوەیە، تەقەی هێزە ئینتزامییەکان بووەتە هۆی بریندار بوونی لاقی چەپی پەیمان کەرەمی.

\"\"
پەیمان کەریمی لە کاتی چارەسەری پزیشکی لە نەخۆسخانە
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی\" حەزرەتی ڕەسووڵ\" لە شاری جوانڕۆ کراوە.

لە هەواڵێکی دیکەی پەیوەندیدار بە کۆڵبەران، دوێنی سێ‌شەممە ١٢ی ڕێبەندان، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی \"ڕزگار ساکانی‌فه‌ر\" خەڵکی گوندی \"پێسان\" سەر به ناوچەی تەرگەوەڕ لە گۆندی \"کوران\" سەر به ناوچەی سۆما و برادۆستی، بەر هەرەسی ڕنوو کەوتووە که لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەکی تەواو لە بەردەست دا نیه.

هەر لە پەیوەندیی لە گەڵ ژیان و گوزەرانی کۆڵبەرانی کورد، نزیکەی ٦٠ چالاکی فەرهەنگی، سیاسی، مەدەنی، ڕۆژنامەنووس و پارێزەر، بە واژۆ کردنی نامەیەک بۆ دەسەڵاتدارانی هەر سێ دەسەڵاتی حکوومەت، داوایان کردووە؛ \"لە ڕاستای پەرەپێدان و ئاوەدان کردنەوەی کوردستان، هەڵی کار لە کوردستان بڕەخسێنن\".

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ساڵی ڕابردوو( ٢٠١٦ ) زایینی ١٢٢کۆڵبەر کۆژرا و بریندار بوون، کە لە کۆی گشتیی ئەو ئامارە ٥١ کەس کوژراو و ٧١ کەسی دیکە بریندار بوون.