کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری بانە کوژرا

11:45 - 10 خەرمانان 2722

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی "ساڵح ڕەشیدزادە" تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی گوندی "قەلەڕەشێ"ی شاری سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری بانە، گیانی لەدەست دا.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئەو کۆڵبەرە لاوە، تەقەیان لێ کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی هەینی ٦ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٨، براکەی ساڵح ڕەشیدزادە بە ناوی "محەممەد ڕەشیدزادە" لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنوروی (قەلەڕەشێ)ی سەردەشت کوژرابوو.

ساڵح ڕەشیدزادە سەڵتە و دووهەمین کوڕی بنەماڵەیە کە دەبێتە قوربانیی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ٤ی خەرمانان، کۆڵبەرێک بە ناوی "ڕێبوار ڕەشیدی" کوڕی ئەبووبەکر خەڵکی گوندی "قوڵیاوا"ی شاری بانە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری "بڕوێشکانی"ی ئەو شارە، کوژرابوو.

بەپێی ئاماری کوردپا، لە مانگی گەلاوێژدا، لە سنووری بانە ٣٠ کۆڵبەر کوژراون و برینداربوونە.