کۆڵبەرێکی خەڵکی باینگان، لە ئاودا خنکا

19:03 - 30 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی باینگان لە ئوستانی کرماشان، کە لەسەر سنوور سەرقاڵی کۆڵبەری بوو، لە ئاودا خنکا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی کوردی خەڵکی گوندی (لالانی ئیمامی) سەربە شاری باینگان، کە بە کۆڵبەرییەوە سەرقاڵ بوو، لە نێوان ئاواییەکانی (لالان) و (کانی سالار)، بەهۆی کەوتنە نێو ئاوی چۆمی (زمکان) گیانی لەدەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە ناوچەی باینگان، شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی یاسر میرانی، تەمەن ٢٠ ساڵ و کوڕی عەبدوڵڵا راگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، ئەو لاوە کوردە نیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٧ی بەفرانبار کەوتۆتە نێو چۆمی زمکان و پاشنیوەڕۆی رۆژی دواتر بە هاوکاریی خەڵكی هەڵەبجە و (بانەوڕێی ئیمامی) دۆزراوەتەوە.

بەگوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی یاسر میرانی، ناوبراو دەزگیراندار بووە.

کۆڵبەرانی سەر سنوور، کە بە مەبەستی دابین کردنی بژیویی ژیان روو لە سنوورەکان دەکەن، لە ترسی تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە کاتی کۆڵبەریدا بە شوێنە ئەستەم و مەترسیدارەکان و زۆر جاریش بە کێڵگە مینەکاندا تێپەڕ دەبن، کە بەو هۆیەوە تووشی هەڵدێران و کەوتنە نێو ئاو و تەقینەوەی مین دەبنەوە.

لە ماوەی ئەمساڵی رابردوودا چەندین کۆڵبەری کورد لە ناوچەکانی بانە، سەردەشت، پیرانشار و ورمێ، بەهۆی ترس لە راوەدوونان و تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی، بەرەوڕووی تەقینەوەی مین و کەوتنە نێو ئاوی چۆمەکان بوونەتەوە.

پێشتریش لاوێکی پیرانشاری بەناوی نەجمەدین سەعیدی و خەڵکی گوندی \"گردەسوور\"، لە ئەنجامی راوەدوونانی کۆلبەران لەلایەن هیزە نیزامییەکانەوە، لە ئاوی زێوکە و ماشکان‌دا خنکابوو.

ئا: ئارام. ح