کۆڵبەرێکی تەمەن ١٩ ساڵە لە ورمێ بریندار کرا

20:37 - 12 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی لاو بە تەقەی هەنگی سنووریی بە سەختی پێکرا و بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١١ی بەفرانبار، کۆڵبەرێكی تەمەن ١٩ ساڵە، بە تەقەی هەنگی سنووریی بە سەختی بریندار کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ شوناسی ئەو لاوە کوردەی بە ناوی\"ڕامین عیسمەت\" خەڵکی گوندی \"نازلوو\"ی ورمێ ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ڕامین بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانبار، سێ کۆڵبەری دیکەی خەڵکی ناوچەی سۆما و برادۆست سەر بە شاری ورمێ، لە سنووری نێوان ورمێ و وڵاتی تورکیە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت پێکران کە دوو کەسیان گیانیان لە دەست داوە.

هەواڵنێری کوردپا لە ناوچەی سۆما و برادۆست شوناسی دوو کۆڵبەرە کوژراوەکەی بە ناوەکانی \"م. ق\" تەمەن ٢١ ساڵ و \"الف. ق\" تەمەن ٢٠ ساڵ ڕاگەیاندووە.

ڕوودانی ئەو رووداوە لە حاڵێک دایە کە وەزیری نێوخۆی ئێران حەوتووی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، پیشەی کۆڵبەری نامێنێت و بۆ ئەو گوندانە هەتا ٥٠ کیلۆمێتری دەکەونە سەر سنوور، کارتی پیلەوەرییان بۆ دروست دەکرێت.