کۆڵبەرێکی تەمەن ٤٥ ساڵ بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار بوو

14:16 - 16 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری پیرانشار، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە شاخی \"کانی خوا\"ی ئەو شارە پێکرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو، ١٥ی بانەمەڕ کاتژمێر ٨.٣٠ لە ئەنجامی ڕاودوونان و تەقەی هێزە نیزامییەکان لە کۆڵبەران، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری پیرانشار، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان و بەربوونەوە لە شاخی \"کانی خوا\"ی ئەو شارە بریندار بووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار، شوناسی ئەو کۆڵبەرەی بە ناوی \"ڕەحمان تەفاخر\" تەمەن ٤٥ ساڵی ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کۆڵبەرە خێزاندار و چوار منداڵی هەیە و دانیشتووی گەڕەکی \"کۆنە‌خانێـ\"ـی شاری پیرانشارە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت:\"ڕەحمان تەفاخر، لە شاخی کانی خوا بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی دەپێکرێت و لە ئەنجامی ڕادوونانی ئەو کۆڵبەرە لەو شاخە بەر دەبێتەوە.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا لە شاری پێرانشار، هەروەها باس لەوە دەکات، کە گوللە وەبەر لاقی ئەو کۆڵبەرە کەوتووە و لە نەخۆشخانەی شاری پیرانشار لە ژێرچاوەدێریی پزیشکییە.

پێشتر، سالح نیکبەخت پارێزەری کورد، سەبارەت بە چۆنیەتی یاسای بەکارهێنانی چەک لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند؛ یاسای بەکارهێنانی چەک بۆ سەردەمی ئەحمەدشای قاجار دەگەڕێتەوە، بەڵام ٢١ ساڵ پێش ئێستە \"چۆنیەتی بەکارهێنانی چەک\" گۆڕدرا، کە بەو پێیە دەبێ ئەو کەسە بە دەنگ ئاگادار بکرێتەوە، پاشان تەقەی هەوایی و لە ئەنجامدا دەبێ لە کەمەر بەرەو خوار تەقەی لێ بکرێت.