کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە تەقەی ‌هێزە حکوومەتییەکان له ماکۆ کوژرا

20:51 - 30 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان، جارێکی دیکە لە دوایین سنووری کوردستان، کوژرانی کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵەی بەدواوە بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو، ٢٩ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی لاو، خەڵکی گوندێکی شاری ماکۆ سەر بە پارێزگای ورمێ، بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لە دەست دا.

\"\"هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو کۆڵبەر کوردەی \"وەحید دەوڵەتخا جنیکانلو\" تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی گوندی \"یارمیق\" سەر بە شاری ماکۆ ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کۆڵبەرە لاوە بە هۆی سەختی برینەکەیەوە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی، دەسیان بە سەر باری ئەو کۆڵبەرە کوردە گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، حەوتووی ڕابردوو، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە شاری شنۆ بە ناوی \"عێزەدین خالیدی\" کوڕی عەبدولڕحمان خەڵکی گوندی \"حەسەناوا\" سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزە حکوومەتییەکانی ئێران کوژرا.