کۆڵبەرێکی تر، بوو بە نێچیری گولـلەی ڕاستەوخۆی نیزامییانی حکوومەت

15:08 - 14 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی خەڵکی شارستانی جوانڕۆ، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی نیزامییانی حکوومەتی ئێران، لە سنووری نەوسوودا، گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ١٤ی بانەمەڕ، گرووپێک لە کۆڵبەران لە سنووری نەوسووددا، کەوتنە کەمینی نیزامییانی حکوومەتی ئێران و تەقەیان لێ کرا و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی \"بێوه‌نـ\"ـەی ناوچەی کڵاشیی جوانڕۆ، بە ناوی \"سادق عەزیزی\"، گیانی لەدەست دا.

ئەم گرووپە لە کۆڵبەرەکان، بێ ئاگادارکردنەوەیان لە لایەن نیزامییانی حکوومەت لە پاسگای \"شووشمی\"یەوە لە ناوچەی نەوسووددا، تەقەیان لێ کراوە.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە، نێردراوەتەوە پزیشکی یاسایی پاوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەیان نەکراوەتەوە.

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەینی، ٦ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"حامید ئەسلان\"، تەمەن ٣٢ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی گوندی \"بێران\"ی شاری سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، لە شوێنێک بە ناوی \"زینوی کەوان\" لە نزیک گوندی \"بێتووش\" تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندار کرابوو.