کۆڵبەرێکی برینداری کورد بە هۆی تەقینەوەی مین، بۆ نەخۆشخانەی هەولێر گوێزرایەوە

19:19 - 15 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری حاجی عۆمران، کەمئەندامبوو، بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر لە هەرێمی کوردستان گوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕێبەندان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"غەفوور حەمزەعەزیز\" تەمەن ٤٧ ساڵ خەڵکی شاری پیرانشار بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لە دەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە سنووری حاجی عۆمران تووشی ئەو ڕووداوە بووە و دواتر بۆ ناوەندی دەرمانی \"چۆمان\" ڕاگوێزراوە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: ئەو کۆڵبەرە کوردە بە هۆی سەختی برینەکانییەوە، بۆ نەخۆشخانەی ئیمرجینسی لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان گواستراوەتەوە.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، هەنووکە لە نەخۆشخانەی ئیمرجیسنی شاری هەولێر، لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە.