کۆڵبەرێک گیانی لەدەست دا و چەند کۆڵبەرێکی دیکە بێسەروشوێنن

10:37 - 27 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان، بەهۆی سەرمابردووییەوە لە ملەی "تەتە"ی هەورامان گیانی لەدەست دا و چەند کۆڵبەرێکی دیکە بێسەروشوێنن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئازاد خوسرەوەی" کوڕی "عوسمان" و خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، لە بەرزاییەکانی "تەتە"ی هەورامان، بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەست دا و "فەرهاد خوسرەوی" لەو ڕووداوەدا ون بووە.

ئەو دوو کۆڵبەرە بران.

لەو ڕووداوەدا، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "حوسێن کەرەمی" بەسەختی تووشی سەرمابردوویی بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، چەند کۆڵبەرێکی دیکە لەو ڕووداوەدا بێسەروشوێنن و گەڕان بە دوای کۆڵبەرانی ونبوو هەتا ئێستا درێژەی هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٧ی سەرماوەز، زیاتر لە ٢ هەزار کەس لە خەڵکی مەریوان و دەوروبەری، بۆ دۆزینەوەی کۆڵبەرانی ونبوو، لە بەرزاییەکانی "تەتە" لە حاڵی گەڕاندان.