کۆڵبەرێک لەسنووری نەوسوود گیانی لەدەست دا

14:51 - 2 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەڕێکی کوردی خەڵکی ناوچەی نەوسود لە کاتی کۆڵبەریدا بەهۆی زەخت و فشاری کارییەوە تووشی جەڵتە بووە و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو رێکەوتی ١ی جۆزەردان کۆڵبەرێکی کورد بەناوی \"غوڵام ئیبراهیمی\" تەمەن ٤٣ ساڵ و کوڕی عەلی کە لە خاڵی سنووریی نێوان شاری نەوسوود بۆ هەرێمی کوردستان خەریکی کۆڵبەری بووە بەهۆی زەخت و فشاری کارەوە تووشی جەڵتە بووە و دەسبەجێ گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو کۆڵبەرە کوردەی خەڵکی گوندی \"شۆشمێ\"ی سەربە شاری نەوسوود، خێزاندار و خاوەنی ٣ منداڵ بووە کە بەهۆی دەستکورتی و هەژارییەوە رووی لە کاسبی سەر سنوورەکان کردبوو.

لەلایەکی دیکەوە بەهۆی بێکاری و نەبوونی هەلی کار لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە رێگەی کۆڵبەری و کاسبی کردن لەسەر سنوورەکان بژیوی ژیانیان دابین دەکەن و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە رۆژانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەیان لێ دەکرێ و تەنیا بۆ پەیدا کردنی بژیوی ژیانیان بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.