کۆڵبەرێک لە سنووری ورمێ بریندار کرا

15:57 - 6 سەرماوەز 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "نیهاد محەممەدپوور"، تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی عەبدوڵڵا و خەڵکی گوندی "ژەرەژی" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بریندار کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە دۆڵی "بنار"ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، تەقەیان لەو کۆڵبەرە کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "ئەو کۆڵبەرە لەو ڕووداوەدا بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە بەر سینگی، بە توندی بریندار بووە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستە ڕوو کە نیهاد محەممەدپوور بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەیەک لە ورمێ کرا و هێزە نیزامییەکان دەست و لاقی ئەو کۆڵبەرەیان بە دەستبەند و پێبەند بەستبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها زیادی کردووە کە هێزە نیزامییەکان سزای نەختییان بۆ پەڕینەوە لە سنوور و ئەو گولـلانە کە پێی تەقەیان لەو کۆڵبەرە کردووە، بەسەر ناوبراودا سەپاندووە.

نیهاد محەممەدپوور، خێزاندار و خاوەن یەک منداڵە.