کۆڵبەرێک لە سنووری بانە کوژرا

12:51 - 14 بانەمەڕ 2720

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "مەحموود مورادی" کوڕی حاجی "جەلال"، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "هەنگەژاڵـ"ـی بانە گیانی لەدەست دا. ئەم کۆڵبەرە کوردە ماوەی ١٨ ڕۆژە ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، ئەم کۆڵبەرە کوردەیان داوەتە بەر دەسڕێژیی گولـلە و تەرمی "مەحموود مورادی" ڕەوانەی نەخۆشخانەی بانە کراوە.

هەتا ئێستا تەرمی ئەم کۆڵبەرە کوژراوە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

لەم پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕ، لە بەرزاییەکانی سنووری "نۆکان و کانی زەرد"ی سەردەشت، کۆڵبەرێک بە ناوی "محەممەد ئیبراهیم‌ زادە" تەمەن ٣٧ ساڵ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان گیانی لەدەست دا.

هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی "سدیق ئەحمەدی" لە بەرزاییەکانی نزیک گوندی سنووری "وەکیل" سەر بە شاری چاڵدێران بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت پێکرا.