کۆڵبەرێک دەسبەسەر کرا

13:14 - 6 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵكی شاری سەلاس باوەجانی، سەر بە پارێزگای کرماشان، لە لایەن مەئموورانی هێزی ئینتزامییەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"عەلی حوسێن کاکەوەیسی\" خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی لە لایەن مەئموورانی هێزی ئینتزامییەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لە ناوچەی سنووریی سەلاس باوەجانی سەرقاڵی کۆڵبەری بووە و لە چارەنووس و هۆکاری دەسبەسەرکردنی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

لەو پێوەندییەدا، شەوی سێشەممە ٤ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی دیکەش، بە ناوی \"یاسین ڕەحیمی\"، کوڕی ناسر، خەڵکی گوندی \"بڵەسەن\"، سەر بە شاری بانە لە نێو ئاودا خنکا، کە تەرمەکەی لە لایەن کۆڵبەران و خەڵکەوە لە نێو ئاودا دۆزراوەتەوە.