کۆڵبەرێک خەڵکی نۆدشە بەهۆی ڕاوەستانی دڵ گیانی لەدەست دا

13:25 - 27 خەرمانان 2721

شەوی هەینی ٢٦ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "شۆکەت قوربانی"، کوڕی عێوەز و خەڵکی گوندی "دزاوەر" سەر بە نۆدشە، بەهۆی ڕاوەستانی دڵ لە کاتی کۆڵبەریدا، گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کەوتووەتە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی و بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێوە، تووشی ڕاوەستانی دڵ بووە و گیانی لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "هێزە نیزامییەکان لە یارمەتیدانی پێرسۆنێلەکانی ئورژانس بۆ چارەسەری پزیشکیی شۆکەت قوربانی ڕێگرییان کردووە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو کۆڵبەرە لە ئاکامدا پاش چەند کاتژمێر بەبێ چارەسەری پزیشکی گیانی لەدەست داوە.

شۆکەت قوربانی خێزاندار و خاوەن سێ منداڵە.