کۆڵبەرێک بە هۆی سەرمابردووییەوە گیانی لە دەست دا

13:52 - 13 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، بە هۆی سەرما و سۆڵەوە لە شاخی \"کانی خوا\"ی شاری پیرانشار گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەشەممە، تەرمی کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"خزر عەبدوڵڵاهی\" تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار لە لایەن خەڵکەوە لە شاخی \"کانی خوا\"ی پیرانشار دۆزرایەوە.

هەواڵنیری کوردپا، لە شوێنی ڕووداوەکە ڕایگەیاند: ئەو کۆڵبەرە کوردە، بە هۆی سەرمابردووییەوە لە شاخی کانی خوا گیانی لە دەست داوە و تەرمی ناوبراو بە یارمەتی خەڵکەوە لە نێو بەفردا دۆزرایەوە.

کوڕی ئەو کۆڵبەرە کوردە، لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: باوکم بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی ڕووی لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان کردووە و پاش داخستنی سنوورەکان لە لایەن حکوومەتی ئێران و دەوڵەتی عێراقەوە، ناچار بووە ڕێگایەکی دیکە بۆ کۆڵبەری هەڵبژێرێت.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: باوکم تەنیا لە بەر ٧٠ هەزار تمەن بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی ئەو ڕێگایەی هەڵبژاردووە و لەو ڕێگایەشەوە گیانی لە دەست دا.

لەو پێوەندییەدا ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕێبەندان، تەرمی دوو کۆڵبەری کورد، بە ناوەکانی \"جەدیح و سەبری وەلی نژاد\" خەڵکی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، کە لە کاتی کۆڵبەریدا لە ژێر هەرەسی بەفردا گیانیان لە دەست دابوو، دوای چوار ڕۆژ لە بەرزاییەکانی مارمیشۆدا دۆزرایەوە.

هاتنی وەرزی سەرما و بارینی بەفری قورس، یەکێکی دیکە لەو مەترسیانەیە، کە لە سنوورەکانی کوردستان کۆڵبەران لەگەڵی بەرەوڕوون.

کۆڵی کۆڵبەران، کەرەستە و شتومەکی تایبەت بە بازرگانی شارە گەورەکانی ئێرانە، کە لە دەرەوەی یاسای گومروکی جێبەجێ دەکرێت.

\"\"
کۆڵبەرێک بە هۆی سەرمابردووییەوە گیانی لە دەست دا