کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان گیانی لەدەست دا

14:29 - 23 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری \"خۆی\" بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنوورەکانی ئەم شارەدا گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش ئێستا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"بێهرووز چەتۆزادە\" خەڵکی گوندی \"توورە\"، سەر بە بەخشی \"ئەلەند\" ی شاری خۆی، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزانییەکانی حکوومەتی، گیانی لە دەست دا.

هێزە نیزامییەکان بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کۆڵبەرە کوردە، کردووە.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خاکەلێوە، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری شاری نەوسوود، کرانە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی سپای پاسداران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سپای پاسداران، پاش تەقەکردن لە کۆڵبەرانی کورد، دەستیان بە ئازار و ئەزیەتی کۆڵبەران کردووە.