کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری بانە کوژرا

17:44 - 16 گەلاوێژ 2722

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی "هەژار فەرەجی" تەمەن ٢٩ ساڵ کوڕی ئەنوەر، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری "سارداو"ی بانە گیانی لە دەست دا.

هێزە نیزامییەکان بە بێ ئاگادارکردنەوەی ئەو کۆڵبەرە، تەقەیان لێکردووە و ناوبراو لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە لە دڵی و خوێنبەربوونی زۆر گیانی لە دست داوە.

جەنازەی ئەو کۆڵبەرە لە نەخۆشخانەی "سەلاحەدین ئەیووبیـ"ـی شاری بانە دایە وهەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

ئەو کۆڵبەرە سەڵتە و خەڵکی گوندی "زەربنە" و دانیشتووی گوندی "شێخوئیسلامی" بانەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردپا، پاش کوژرانی کۆڵبەران بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە خالە سنوورییەکانی کوردستان، ناوەندە ئەمنییەتییەکان کاناڵ و میدیاکانی هەواڵ، دەخەنە ژێر گوشارەوە کە لە هەر جۆرە ڕووماڵکردنێک بە تایبەتی لەمەڕ کوژرانی کۆڵبەران خۆیان ببوێرن و لە ئەگەری ڕووماڵکردنی ئەو جۆرە هەواڵە، لەگەڵیان هەڵسووکەوت دەکرێت.