کۆڵبەرێک بوو بە قوربانی تەقینەوەی مین

13:31 - 7 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: مینە کۆ نەکراوەکانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، ماوە ماوە هاووڵاتییانی کورد لە شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەنە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو کاتژمێر ٦ ئێوارە، بە هۆی تەقینەوەی مێنێکی بەجێماو لە سنووری پیرانشار_حاجی عومران کۆڵبەرێک بە سەختی بریندار بوو.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار، شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوی\" سلێمان مەحموودی\" تەمەن ٤٦ ساڵ کوڕی حەمزە ڕاگەیاندووە.

سەڕچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو کۆڵبەرە کوردە، خەڵکی شاری سەردەشتە و دانیشتووی شاری پیرانشارە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ناوبراو خێزاندار و باوکی چوار منداڵە کە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی ڕووی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کردبوو و تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

ئەوە سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: بە هۆی کاریگەر بوونی تەقینەوەی مینەکە، ئەو کۆڵبەرە کوردە لاقی ڕاستی لە دەست داوە و هەروەها دوو قامکی دەستی ڕاستی و ماسولکەی لاقی چەپی زیانی بەر کەوتووە.

دەگوترێ، ئەو کۆڵبەرە کوردە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ کراوە.

بەپێی ئامار و زانیارییە سەرەتاییەکان لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، کە پاش کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق بڵاو بووەوە، ١١٠٠ کیلۆمێتر لە سنووری هاوبەشی دوو وڵات ئالوودە بە مین و کەرەستە تەقینەوەییەکانی بەجێماوی شەڕە.

لە پارێزگاکانی ورمێ، کوردستان، ئیلام و خووزستان بە پانتایی نزیکەی چوار میلیۆن و ٢٠٠ هێکتار، لانیکەم ١٦ میلیۆن مینیان تێدا چێندراوە.