١٢ کۆڵبەری کورد لە شاری سەردەشت دەسبەسەر کران

16:05 - 21 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: ١٢ کۆڵبەری کورد، کە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان و گوزەرانی بنەماڵەکەیان، ڕوویان لە ناوچە سنوورییەکانی شاری سەردەشت کردبوو، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ٢٠ی گەلاوێژ، هێزە نیزامییەکانی جێگر لە پایگای بێوران، ١٢ کۆڵبەری کوردی خەڵکی گوندەکانی شاری سەردەشتیان دەسبەسەر کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو ١٢ کۆڵبەرە کوردە، لە نزیک گوندی \"بێوران\"، لە لایەن هێزە نیزامییەکان دەسبەسەر کراون و بۆ پایگای \"کەپران\" ڕاگوێزراون.

شوناس و ناونیشانی یەکێک لەو ١٢ کۆڵبەرە کوردە، بە ناوی \"محەممەد دەسگەزیدە\"، تەمەن ٢٢ ساڵ کوڕی خدر، خەڵکی گوندی بێوارانی خواروو\" بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، سێ کەس دیکە لەو کۆڵبەرە دەسبەسەرکراوانە، خەڵکی گوندی \"باوە\" و لە پایگای \"بەردەپان\" دەسبەسەر کراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، شوناسی ئەو ١١ کۆڵبەرەکەی دیکە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە و هیج زانیارێک لەمەڕ چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.