کۆڵبەری حاسڵی کاری بێ‌بەرهەم، بەڵام بە نرخی گیانلەدەستدانی کۆڵبەران

12:25 - 1 رێبەندان 2721

کۆڵبەری واتە شوێن پێییەکی پڕڕەنگی لە چەشنی کاری بێ‌بەرهەم کە لەوانەیە هیچکات نەبەرچاو کەوێت و نەبەرچاویش دەبێت، ئەویش لە سەر خاکێک کە لە ڕووی سەرچاوە ژێرزەوییەکانەوە بە یەکێک لە وڵاتانی دەوڵەمەند بە هەژمار دێت.

حکوومەتێک کە بەرهەمهێنەری دیاردەیەک بە ناوی کۆڵبەرییە لە کوردستان، لە ئەنجامی دروستکردنی قەیران و کێشەی ئابووری سەرباری کێشەی کۆمەڵایەتی، هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو دیاردەیەیە.

لەوانەیە لەدەستدانی بەشێک لە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ، وەکوو لاق و دەست، بتوانێت جێگای بە لاق و دەستی دەستکرد پڕ بکرێتەوە، بەڵام لەدەستدانی چاو پرسی خەمەکانی کۆڵبەران زیاتر و بە ژانتر دەکات.

یەکێک لەو کەسانە کە بەهۆی نەبوونی هەلی کار و بێکاری، لەپێناو دابینکردنی بژێویی ژیان ڕووی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی کردبوو و لەو ڕیگایەدا چاوەکانی بە تەقەی ‌هێزەکانی حکوومەتی لەدەست دا، خالید ئەحمەدیان جاشێرانە.

 خالید ئەحمەدیان، لەکاتی کۆڵبەری بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری پیرانشار یەکێک لە چاوەکانی لەدەست دا و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئەو چاوەکەی دیکەی داناوە.

ئەو کۆڵبەرە لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥، تووشی ئەو کارەساتە ببووە.

خالید ئەحمەدیان بەم جۆرە بۆ ئاژانسی کوردپا باسی نیگەرانی و نەهامەتییەکانی ژیان و گوزەڕانی دەکات و دەڵێت: "پاش لەدەستدانی چاوەکەی بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە نەخۆشخانەی ورمێ پێیان ڕاگەیاندم بۆ تێچووی نەشتەرگەری چاوەکەی دیکەت، بڕی ١٠ ملیۆن تەمەنی پێویستە".

ئەو کۆڵبەرە تەمەن ٣١ ساڵەیە دەڵێت: "پزیشکەکان پێیان وتم بەهۆی دابیننەکردنی پارەی نەشتەرگەرییەکە، ئێمە دەتوانین تەنیا کار لەسەر جوانکاریی ڕوخسارت بکەین".

ئەو کۆڵبەرە باسی ژیان و گوزەرانی خۆی بۆ کوردپا دەکات و دەڵێت: "بە هاوکاریی هاووڵاتییانی خێرخواز خانوویەکەم هەیە و هەتا ئێستا ئەو هاووڵاتییانە یارمەتییان داوم و ژیانم بە سەختی دەگوزەرێت".

خالید ئەحمەدیان دەڵێت: "شەوانە لە تاو ئازاری چاوم خەوم نییە و چوونکە ئیلتهابی کردووە و پزیشکەکان پێیان ڕاگەیاندنم ئەگەر نەشتەرگەری بۆ چاوت نەکەی، ئەگەری سەرهەڵدانی "تومور" لە مێشکتدا هەیە و تێچووی نەشتەرگەرییەکەش، بڕی ٨٠ ملیۆن تەمەنە".

ئەو کۆڵبەرە کوردە هەروەها دەڵێت: "سەرباری دوو منداڵ و پەککەوتویی خۆم، خێزانیشم بێکارە و هیچ کارێک نییە ئەنجامی بدەین و لایەنە پەیوەندییدارەکانیش هیچیارمەتیمان نادەن".