٢٠ کۆڵبەر لە شاری سەردەشت دەستبەسەر و بانگهێشتی دادسەرای ئەو شارە کران

15:35 - 18 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری سەردەشت ٢٠ کۆڵبەری کوردیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ١٧ی گەلاوێژ،٢٠ کۆڵبەری کورد خەڵکی گوندی\"دۆڵەبی\" شاری سەردەشت لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە ئەو کۆڵبەرانە دراونەتە دادسەری شاری سەردەشت.

هەتا ئێستا شوناسی ئەو ٢٠ کۆڵبەرە کوردە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئینتزامییەکان دەستیان بە سەر کەلوپەلی کۆڵبەران داگرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە‌ڕوو کە، بەرپرسی دادسەرای شاری سەردەشت هەرکام لەو ٢٠ کۆڵبەرانە‌ی بە ٥٠٠ هەزار تمەن سزا داون و بەلێننامەی پێ واژۆ کردوون کە هەتا دوو سال هاتوچۆی سنوورەکان نەکەن .

کاری کۆڵبەری و کاسبی کردن تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام رۆژانە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە سووکایەتیان پێدەکرێ و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.

کۆڵبەر بە چین و توێژەکانی زەحمەتکێشی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەوترێ کە لە ناوچە سنوورییەکان بە کاری کۆڵبەرییەوە خەریکن.

ئەو چین و توێژە زەحمەتکێشە بە هۆی هەژاری و دەستکورتی بە ناچاری بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی خۆیان ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دەکەن.