کۆگایەکی فیشەک لە هەولێر، پێتەختی هەرێمی کوردستان تەقییەوە

15:45 - 9 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆگایەکی فیشەکی چەند چەکوچۆڵێک، لە شاری هەولێر تەقییەوە و خەساری بەرچاوی بەو کۆگایە گەیاند.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، کۆگایەکی فیشەکی چەند چەکوچۆڵێکی جۆراوجۆر، لە شاری هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان تەقییەوە.

تۆڕی میدیایی ڕووداو، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بڵاوی کردەوە کە ئەو ڕووداوە لە شارۆچکەی \"بەحرکە\" تەقیوەتەوە و خەسارێکی زۆری بە کۆگاکە گەیاندووە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، بە هۆی تەقینەوەی کۆگاکە بەشێک لە فیشەکەکان وەبەر ماڵەکان کەوتوون و هیچ زەرەرێکی گیانی نەبووە.

هەرچەند هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری سەرەکیی تەقینەوەی ئەو کۆگایە ناڕوونە، بەڵام تۆڕی میدیایی ڕووداو هۆکاری تەقینەوەی ئەو کۆگایە بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و ناڕێکی لە دانانی فیشەکان گەڕاندووەتەوە.

ئەمە سێهەمین جارە، شتێکی لەو چەشنە ڕوو دەدات و مانگی هەشتی ساڵی ڕابردووش، لە نزیک فڕۆکەخانەی شاری هەولێر کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی ئاگری گرت و تەقییەوە.