کۆکردنەوەی زیاتر لە ١٠٠ دەزگای ماهوارە لە گوندێکی نەغەدە

14:02 - 13 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران رێژەیەکی بەرچاو لە دەزگا و دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانیان لە گوندێکی سەربە شاری نەغەدە کۆکردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردۆتە سەر گوندی \"مێهماندار\"ی سەربە شاری نەغەدەو وێڕای پشکنینی ماڵی هاووڵاتییان، دەستیان بەسەر زیاتر لە ١٠٠ دەزگا و دیشی ماهوارەشدا گرتووە.

\"13084.jpg\"
یەکێک لە دانیشتوانی گوندی مێهماندار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هێزە ئینتزامییەکان لە ماوەی ٣ رۆژی رابردوودا بە بەردەوامی هێرشیان کردۆتە سەر ئەم گوندە و ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتییان دروست کردووە.

گوندی مێهماندار لە شاری نەغەدەو لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا هەڵکەوتووە و بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی بە ١١٩ بنەماڵەوە ٥٩٢ کەس دانیشتووی هەیە.