کۆکردنه‌وه‌ی دیشی ماهواره له‌ شاری سنه‌ به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ جه‌رسه‌قیل

23:58 - 22 سەرماوەز 2711
کوردپا: دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مـڕۆ سێ‌شه‌ممه‌، رێکه‌وتی 22ی سه‌رماوه‌زی 1390ی هه‌تاوی، هێزه‌ ئینتیزامییه‌کانی ئێران، به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ جه‌رسه‌قیل، دیشی ماهواره‌ی چه‌ند گه‌ڕه‌کێکی شاری سنه‌یان کۆکردۆته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵنیری ئاژانسی هه‌واڵده‌ریی کوردپا له‌ شاری سنه‌، دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مـڕۆ، له‌ گه‌ڕه‌که‌کانی غه‌فوور و شه‌ریف ئاوا، که‌ له‌ گه‌ڕه‌که‌ هه‌ر قه‌ره‌باڵغه‌کانی شاری سنه‌ دێنه‌ ئه‌ژمار، ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ مه‌ئموورانی هێزی ئینتیزامی به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رین له‌م ناوچانه‌دا بڵاوه‌یان کردووه‌ و ده‌ستیان داوه‌ته‌ کۆکردنه‌وه‌ی دیشی ماهواره‌ی هاوڵاتییان.

هه‌واڵنێری کوردپا له‌ درێژه‌دا، گوتی: هێزه‌ ئینتیزامییه‌کان به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ جه‌رسه‌قیل چوونه‌ته‌ سه‌ر بانی ماڵی دانیشتوانی گه‌ڕه‌که‌کانی غه‌فوور و شه‌ریف ئاوا و وێـڕای شکاندنی دیشی ماهواره‌کان، ژماره‌یه‌کیشیان له‌گه‌ڵ خۆیان بردووه‌.

هاوکات له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌بردنی گه‌ڵاڵه‌ی کۆکردنه‌وه‌ی ماهواره‌کان له‌ تێکـڕای شارەکانی ئێران، شار و گوندەکانی کوردستانیش شاهیدی کۆکردنەوەی دیشی ماهوارەکان لەلایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە بوون.