کۆژرانی کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە خۆی

14:19 - 5 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە سنووری قوتوور سەر بە شاری خۆی کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٤ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ئەدیب حوسێنی\" خەڵکی گوندی \"بلوجوک\" سەر بە ناوچەی قوتوور لە شاری خۆی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لە دەست دا.

مەئموورانی ئینتزامی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لەو کۆڵبەرە کوردە کردووە.

ئەو کەسە کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە، تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی یاساییی شاری خۆی کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ١ی خەزەڵوەر، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، لە سنووری شەپێرانی شاری سەڵماس دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە و پاش تەقەکردنی ئەو هێزە لەو کۆڵبەرانە، کۆڵبەرێک بە ناوی \"فەرامەرز جەلی‌باقوو\" تەمەن ٢٦ ساڵ کوڕی حەمید، گیانی لە دەست دا و کۆڵبەرێکی دیکەی کورد، بە ناوی \"زاکری جەلی‌باقوو\" تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی عوسمان بە توندی بریندار بوو.

زاکری جەلی‌باقوو بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەڵماس کراوە و بارودۆخی گشتیی تەندروستی ناوبراو نالەبار ڕاگەیەندراوە.