کۆژران و بریندار بوونی چوار کۆڵبەری کورد لە شاری خۆی بە تەقەی ‌هێزە نیزامییەکان

16:20 - 29 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سنووری شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێ کوژرانی کۆڵبەرێک و بریندار بووونی سێ کۆڵبەری دیکەی لێکەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کۆڵبەرانی کورد لە کوردستان، چوار کۆڵبەری کورد لە سنووری قوتوور سەر بە شاری خۆی کوژران و بریندار بوون.

\"ئەمیر خالیدی\" شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەیە کە لە ئەنجامی تەقەی هیزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لە دەست داوە. سێ کۆڵبەری بریندار بوو لەو ڕووداوە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی شاری خۆی کراون.

دەوترێ، ئەو چوار کۆڵبەرە کوردە لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە تەقەیان لێ کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ٢٦ی پووشپەڕ، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران ماشینی هاووڵاتییەکی کوردیان لە نێوان جادەی ڕوانسەر_کرماشان دایە بەر دەستڕێژی گوللە.

لەو رووداوەدا، دوو هاووڵاتی بەناوەکانی \"حامید عەلی مورادی\" خەڵکی شاری جوانڕۆ و \"وەلی خانی\" خەڵکی گوندی\"دێ سوور\" سەر بە شاری ڕوانسەر گیانیان لەدەستدا.

دەوترێ، هێزە ئینتزامییەکان بە \"گومانی\" هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان داوەتە بەر دەستڕێژ.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە ساڵی ڕابردوو٩٥ لە کۆی ١٥٤کۆڵبەری کوژرا و بریندار، ٦٦ کەس گیانیان لە دەست داوە و ٨٨ کۆڵبەری دیکە بریندار بوون.

بەهۆی نەبوونی ژێرخانی ئابووری و سەرمایەگوزاریی حکوومی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران، هاووڵاتییانی کورد بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانیان روو لە کۆڵبەری و کاسبی کردنی سەرسنوورەکان دەکەن و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.

کارناسان و مافپەروەران ڕوانگەیان ئەوەیە کە؛ هەر بەپێی یاسای بەکاربردنی چەک، تەقەی ڕوو لە کۆڵبەران، پێشێل کردنی خودی یاساکەیە.