کۆڕێکی ئەدەبی لە زانستگەی سنە هەڵوەشێندرا

15:40 - 12 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: خوڵک کردن لە ژنە نووسەرێک لە سنە بۆ کۆڕێکی شیعرخوێندنەوە، هەڵوەشانەوەی ئەو ڕێوڕەسمەی لەلایەن بەرپرسانی ئەمنی لێکەوتەوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، دەی ڕەشەمە حەراسەتی زانستگەی ئازادی ئیسلامی کوردستان دانیشتنێکی خوێندکارانی هەڵوەشاندەوە.

ئەو هەڵوێستەی بەشی ئەمنی زانستگە لەدوای ئەوە هات کە سیمین چایچی لە هەڵبەستوانانی ناسراوی کوردستان بەتەمای بەشداری لەو ئێوارە شێعرەی هەبوو.

\"29689jpg.jpg\"
سیمین چایچی
سەرچاوەکانی هەواڵی کوردپا وتیان کە شەوێک پێش بەڕێوەچوونی بەرنامەکە، حەراسەتی زانستگە داوایان لە بەڕێوەبەرانی ئەو کۆبوونەوە ئەدەبییە کرد کە دانیشتنەکە نەگرن.

ئەو ناوەندە ئەمنییە، هۆکاری ئەو بڕیارەی بۆ بەشداری سیمین چایچی و خوێندنەوەی شیعر گەڕاندووەتەوە.

دانیشتنی ئەدەبی زانستگەی ئازاد لە سنە بەبۆنەی هەڵبژاردنی ساڵانەی لێژنەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی خوێندکاران دەگیرا.

هەربە پێی ڕاپۆرتی نێردراو، هەڵوەشانەوەی ئێوارە شیعری زانستگەی ئازادی سنە لە کاتێکدا بووە کە لە چەند ڕۆژ لەمەوبەرەوە پوستەری تایبەت بەو کۆڕە لە نێو شاردا بڵاوکرابووە.

سیمین چایچی لە چالاکانی فەرهەنگی کوردستانە کە زۆر جار بانگ کراوەتە ناوەندە ئەمنییەکان.

ئەو شاعیرە ٦٠ ساڵە، ڕەزبەری ١٣٩٣ هەتاویی سەبارەت بە بەشداری ناوبراو لە ڕێپێوانی پاڵپشتی لە خەڵکی کۆبانی، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرابوو.