کۆڕێک لەژێر ناوی \"سیاسەت و بیرەوەری\" بەڕێوەچوو

17:07 - 1 خەرمانان 2719
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆ، کۆڕێکی بۆ دوکتور \"ئازاد حاجی ئاغایی\"، لەژێر ناوی \"سیاسەت و بیرەوەری\"، بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ۳۱ی گەلاوێژ، ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری شنۆ، کۆڕێکی بۆ دوکتور \"ئازاد حاجی ئاغایی\" لەژێر ناوی \"سیاسەت و بیرەوەری\"، بەڕێوە برد.

لەم کۆڕەدا ئاماژە بە ڕۆڵی گرینگی بیرەوەری لە شکڵدان بە کەسایەتیی مرۆڤ کرا. ئەو شوناس و کەسایەتییەی لەسەر بناغەی بیرەوەری پێک دێت، لەسەر کردەی سیاسی شوێندانەرە.

دوکتور \"ئازاد حاجی ئاغایی\" هەروەها ئاماژەی بە ڕای بیرمەندێک کرد کە وتی: \"بیرەوەریمان نەبێت داهاتووشمان ناڕوونە و کاتێک دژبەر و دوژمن دێته گۆڕێ، سیاسەت له‌دایک دەبێت\".

هەروەها وتیشی: \"هەندێک ناسیۆناڵیزم لەسەر ئەفسانه و بیرەوەریی ساختە دێنە کایەوە و حاڵەتی ئایدۆلۆژی بە خۆیانەوە دەگرن\".

پاش تەواوبوونی لێدوانەکانی دوکتور \"ئازاد\"، بەشداربووان چەند سەرنج و تێبینییان لەسەر شوناس و پێکهاتنی کەسایەتییەکان کرد.