کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، لەسێدارەدانی محەممەد سەلاسیان بە کارێکی توندئاژۆیانە وەسف کرد

14:27 - 31 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، بەیاننامەیەکیان لە بارەی لەسێدارەدانی محەممەد سەلاس بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا. کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، بەیاننامەیەکیان وەک کاردانەوە لە هەمبەر لەسێدارەدانی محەممەد سەلاس بڵاو کردەوە و داوایان لە حکوومەتی ئێران کرد، کە دەست لەسێدارەدانی سەرەڕۆیانە و ناڕوون هەڵبگرێت.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:
سەرەتا و کۆتاییی یار


بەداخەوە، زانیمان کە حوکمی لەسێدارەدانی محەممەد سەلاس \"دەروێشی تاوانبار بە لێخوڕینی پاس کە بووە هۆی لەژێرکەوتن و کوشتنی چەند کەسێك لە مەئموورانی نیزامی\" بەپەلە و هەڵە جێبەجێ کرا، ئەم کارە لە کاتێکدا ڕووی داوە، کە فایلێکی دەنگی ناوبراو بڵاو بووەتەوە، کە تێیدا ئەو تاوانانەی دراوەتە پاڵی ڕەت دەکاتەوە، کەشێکی گوماناوی سەرجەم کۆمەڵگای گرتووەتەوە.

کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، دوور لە هەر چەشنە نێوبژیوانییەک لە بارەی ڕاستی و دروستی ئیددعاکانی هەر دوولا، ئەم کارە بە کارێکی توندئاژۆوانەی ڕقهەڵگرانە پێناسە دەکات، سەرەڕای دەربڕینی هاوخەمیی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیانی ڕووداوی گەڕەکی پاسداران و هەروەها بنەماڵەی کۆچکردوو دەروێش محەممەد سەلاس- داوا لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی دەکات، ئەگەر ناتوانێت وەک زۆرێک لە دەوڵەتە مۆدێڕنەکان، دەست لە سێدارەدانی تەنانەت مرۆڤە تاوانبارەکانیش هەڵبگرێت، لانیکەم بە هوشیاری و ئاشکرا تاوانباران دادگایی بکات و لە لەسێدارەدانی بەپەلە و هەڵە خۆ ببوێرێت.

با ئاگا بین کە هیچ کات ناتوانین بێگوناحی لەسێدارەدراو زیندوو بکەینەوە، بەڵام گوناحکاری زیندوویش دەتوانین لە سێدارە بدەین.

چو مرغ از قفس رست و بگسست قید/ دگر ره نگردد به سعی تو صید
کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان
٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩٧