کۆڕی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان: سەید ڕامین حوسێنی ئێعدام کراوە

14:39 - 17 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڕی ڕاوێژکاریی چاکالانی مەدەنیی یارسان بۆ ڕوونکردنەوەی بیروڕای گشتی، لە پەیوەندی لەگەڵ گیان لەدەستدانی سەید ڕامین حوسێنی، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەی ناوبراو کرد.

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەر، ژمارەیەک لە چالاکانی کۆڕی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان، لە ڕاستای هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی سەید ڕامین حوسێنی (مشەعشەعی) و هەروەها ڕوونکردنەوەی بیروڕای گشتی، لە پەیوەندی لەگەڵ گیان لەدەستدانی لەناکاوی ناوبراو سەردانی گوندی \"قوڵقوڵ\"، لە شاری تویسرکانیان کرد و وێڕای چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەی سەید ڕامین، چاویان بە ژمارەیەک لە خەڵکی ئەو گوندەش کەوتووە.

کۆڕی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لەو پەیوەندییەدا، ڕایگەیاند: \"ئەوەی بۆ کۆڕی ڕاوێژکاری ئاشکرا کراوە، سەید ڕامین نزیکەی چوار مانگ پێش لە شاری هەمەدان دەسبەسەر کراوە و لەوە ماوەیەدا لە گرتووخانە و زیندانی ناوەندیی ئەوە شارە ڕاگیراوە و هەروەها بنەماڵەی ناوبراو لەو ماوەیەدا، چاوەڕوانی ئازادکرانی کوڕەکەیان بوون و لەوپەڕی بێباوەڕییەوە پاش دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان هەواڵی ئێعدامی ناوبراویان پێ ڕادەگەینن. هەروەها مافی بە خاک ئەسپاردنی سەید ڕامین حوسێنی لە شوێنی لەدایکبوونی لە بنەماڵەکەی قەدەغە کراوە و لە هەمەدان ئەسپەردەی خاک کراوە.

کۆڕی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە کاتێکدا باس لە هەواڵی ئێعدامکرانی ئەو هاووڵاتییە یارسانییە دەکات، کە هەتا ئێستا هیچ جۆرە ڕاپۆرتێک سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو لاوە یارسانییە بڵاو نەکراوەتەوە و هێندێک لە ڕێکخراوە داکۆکیکارەکانی مافی یارسانەکان باسیان لە گیان لەدەستدانی \"سەید ڕامین حوسێنی\" لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا کردووە.

کۆڕی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان لەو بەیاننامەیەدا دەڵێت: \"هەر بەپێی لێداوانەکانی هاووڵاتییانی دانیشتووی گوندی قوڵقوڵ، خەڵکی ئەو گەندە بۆ گیان لەدەستدانی سەید ڕامین زۆر داخدارن و قەت چاوەڕوانی لەناوکاوی گیانی لە دەستدانی ناوبراویان نەدەکرد\".

کۆڕی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان، لە کۆتاییی بەیاننامەکەیاندا پێداگریان لەسەر ئەوە کردووە، \"لەوەی کە دادگاییکردنێکی ئاشکرا، شەفاف، بە بەشداری پارێزەری داکۆکیکار، کە مافی هەر مرۆڤێکە و یاساکانی دادڕەسی سەبارەت بە سەید ڕامین لە بەرچاو نەگیراوە، داوا لە بەرپرسانی حکوومەتی دەکەین، کە وڵامێکی قانعکەر بۆ بیروڕای گشتی و بەدەستهێانی مافی بنەماڵەی گیان لەدەستدراو و هەروەها ڕێوشوێنی پێویست لە بەرچاو بگرن\".