کۆڕی شێعری منداڵان لە گوندی ئێنگیجە بەڕێوەچوو

14:56 - 25 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوەچوونی کۆڕی شێعری منداڵان لە یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان بەڕێوەچوو و خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بە یەکێک لە منداڵانی خاوەن‌بەهرەی بەشدار لەم ڕێوڕەسمە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژ پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوە، کۆڕێکی شێعر بۆ منداڵانی ئاوایی ئێنگیجە بەڕێوە چوو کە لەم کۆڕەدا ڕێز لە شاعیری منداڵان، \"ئەحمەد بەهرامی\" گیرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئامانج لە بەڕێوەچوونی ئەو کۆڕە شێعرە دەرخستنی توانایی و لێهاتوویی منداڵان لە بواری شێعر بووە.

لە بەشێکی ئەو کۆڕەدا، منداڵانی ئەم گوندە بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانیان پێشوازی و میواندارییان لە بەشداربووانی ئەو کۆڕە شێعرە کرد.

لەو کۆڕە شێعرییەدا ژمارەیەک لە خەڵکی ئەو گوندە بەشدار بوون؛ دوابڕگەی ئەو کۆڕە بریتی بوو لە خوێندنەوەی چەند شێعرێک لەلایەن منداڵانی بەشداربووی ئەو کوڕە.