کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و روانگەی حیـزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان

20:59 - 1 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی یەک مانگی داهاتوودا بە دەستپێشخەریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لەسەر داوای کۆمەڵێک لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چواربەشی کوردستان، بۆیەکەمجار کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بەرێوە دەچێت.

مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ئامادەکار بۆ پێک‌هێنانی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کورد لە سەڵاحەددین رایگەیاند: ئامانجی سەرەكیی ئێمە لەو كۆنگرەیە بریتییە لەوەی هەموو لایەنە سیاسییە كوردییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان ببنە خاوەنی گوتار و ستراتیژییەكی هاوبەش كە لەسەر بنەمای گەیاندنی پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان بۆ گەلانی ناوچەكە بنیات نرا بێت. ئێمە لەو كۆنگرەیەدا دەمانەوێ بە گەلانی عەرەب و تورك و فارس بڵێین، كە كورد چاوی لە پێكەوە ژیانێكی ئاشتیانە و یەكسانە لەگەڵ ئێوەدا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبەشێک لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: ئێستاكە سەردەمێكی دیكەیە و كەس ناتوانێ بە زۆری چەک و بە مەنتقی سڕینەوە ڕووبەڕووی كورد ببێتەوە. دەوڵەت و هێزەكانی ناوچەكەش ئەو ڕاستییەیان بۆ ڕوونبووەتەوە كە لەنێوبردنی نەتەوەی كورد بە خەیاڵیش بەدیناهێت. بۆیە لەو بارودۆخە تازەیەدا پێویستە گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان ستراتیژییەكی هاوبەشی ئاشكرا و ڕێكوپێك دابڕێژن لەپێناو گەیاندنی پەیامی ئاشتییانەی گەلی كورد و دەبێ هەموو لایەنە كوردییەكانیش پابەندی ئەو پەیامە بن.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەمەبەستی زیاتر روون بوونەوەی هەڵوێست و چاوەڕوانیی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەمەڕ کۆنگرەی نەتەوەییی کورد، لێدوانێکی تایبەتی لەگەڵ چەندین حیزبی بەشدار لەو کۆنگرەیەدا پێک هێانوە:

\"14133.jpg\"
محەممەد ساڵح قادری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
\"محەممەد ساڵح قادری\" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بەرێوەچوونی ئەو کۆنگرەیە رایگەیاند: ئەو کۆنگرەیە پێداگری لەسەر پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی کورد دەکات و دەیهەوێ سیمایەکی دێمۆکراتیک بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەی کورد بە رای گشتی و وڵاتانی داگیرکەری کوردستان نیشان بدات.

قادری راشیگەیاند کە ئەو کۆنگرەیە پە یامێکی ئاشتیانە دەداتە وڵاتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا، بەڵام ئێمە نابێ لەسەر ئەو قەناعەتە بین کە ئەگەر روانگەی ئێمە روانگەیەکی ئاشتیی خوازانەیە، وڵاتانی داگیرکەریش پەسەندی بکەن، رەنگە زۆرێک لەو ولاتانەش چاویان بە دامەزراوەیەکی لەم چەشنە هەڵنەیەت، بۆیە دەبێ چاوەڕوان بین کە لە داهاتوودا وڵاتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا چکاردانەوەیەکیان دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، هەواڵ دیار قامیشلوویی بەرپرسی بەشی راگەیاندنی \"پەکەکە\" سەبارەت بە چاوەڕوانیی حیزبەکەی لەو کۆنگرەیە بە هەواڵنێـری کوردپای راگەیاند، کە ئێمە چاوەڕوان دەکەین ئەو کۆنگرەیە سەرەتای تەبایی و یەکڕیزیی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان بێت.
ناوبراو راشیگەیاند، هیوادارین لەو کۆنگرەیەدا بگەینە سیاسەت و بڕیارێکی گشتی بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان و لێکتێگەیشتن و قەبووڵ کردن بێتە ئاراوە وئەوەش ببێتە دەستپێکێکی مەزن بۆ ریكخستنی ماڵی کورد.

\"14132.jpg\"
عومەر باڵەکی ،ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان
هەر لەو پەیوەندییەدا \"عومەر باڵەکی\" ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان رایگەیاند: ئەو کۆنگریە لە رەهەندی زەمانی و مەکانییەوە گرینگییەکی تایبەتی هەیە چونکە ئەوە بۆ یەکەمجارە کۆنگرەیەکی نەتەوەی کە سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان تێدا بەشداربن و لەسەر عەرزی واقیع و لەسەر خاکی کوردستان دەگیرێت.

ناوبراو راشیگەیاند، ئەگەر کۆنگرە هەر لەسەرەتاوە هەڵگری یەکگوتاری نەتەوەی کورد و پەیامی ئاشتیانە بێت، وڵاتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا ئەو پەیامە وەردەگرن و ئەگەر یەکێک لەو وڵاتانە حکوومەتی \"ئێران\"یش بێت.

\"14138.jpg\"
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی دەفتەری سیاسی یەکییەتیی نیشتمانیی کوردستان
شەوی رابردوو \"سەعدی ئەحمەد پیرە\" ئەندامی دەفتەری سیاسی یەکییەتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکێک لە پێکهێنەرانی ئەو کۆنگرەیە لە وتوێژێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی رووداو رایگەیاند: پێش دەستپێکی کارەکانی کۆنگرەی نەتەوەی کورد، وڵاتانی ئێران، تورکیە، سووریە و عێڕاق پرسیان پێکرابوو لە ڕێگای پەیوەندییە فەرمییەکانی خۆمانەوە و پێمان گوتوون مەبەستمان نە تێکدانی سنووری ئەوانە و نە دەوڵەتی کوردی لە بەرنامەمان دایە.

عومەر باڵەکی سەبارەت بەوتەکانی سەعدی ئەحمەد پیرە لەمەڕ پرس کردن بە وڵاتانی ئێران، تورکیە، سووریە و ئێراق بۆ بەڕێوە بردنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان رایگەیاند؛ ئەگەر حکوومەتی ئێران رەزامەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەو کۆنگرەیە دەربڕیبێت، ئەوا حکوومەتی ئیسلامیی ئێــران گۆڕان لە سیاسەتیدا پێکهاتووە و باوەڕی بە دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ هەیەو لە راستیدا دان بە مافی نەتەوەی کورد و سەرجەم نەتەوەکانی دیکەی ئێران‌دا دەنێت.

لە کۆبوونەوەی یەکەم رۆژی کاری کۆمیتەی ئامادەکاردا بۆ پێک هێنانی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی لە سەڵاحەددین، ٣٩ لایەنی کوردی لەهەر چوار بەشی کوردستان بەشداربوون.