کۆنگرەی نێونەتەوەیی PEN International داوای ئازادیی "زارا محەممەدیـ"ـی کرد

17:25 - 10 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆنگرەی نێونەتەوەیی PEN International کە لە شاری "مانیلا"ی وڵاتی فیلیپیندا بەڕێوەچوو، لە ڕاگەیەندراوێکدا، داوای ئازادیی "زارا محەممەدی"، مامۆستای دەسبەسەرکراوی زمانی کوردیی کرد.

 لە ٨٥مین کۆنگرەی نێونەتەوەیی PEN International کە لە شاری "مانیلا" بەڕێوەچوو، بە پەسەندکردنی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لە پەنی نێونەتەوەیی، خوازیاری ئازادیی بێ مەرجی  "زارا محەممەدی"، مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی، بوون.

لەو ڕاگەیەندراوەدا ھەروەھا داوا لە ئێران کراوە کە یاسایەک بۆ پاراستنی مافی زمان و پەروەردەی کوردی پەسند بکات.

ئەو ڕاگەیەندراوە دوای کۆتاییھاتنی کۆنگرە، بە نامەیەکی فەرمی لە لایەن پەنی جیھانییەوە، ئەو داواکارییە بۆ کاربەدەستانی ئێران دەنێردرێت.

"زارا محەممەدی"، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، لەگەڵ دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی "ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری"، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

"زارا محەممەدی"، پاش ٤ مانگ و ٨ ڕۆژ  لە دەسبەسەری، بەبێ هیچ هۆکارێکی ڕوون، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.