کۆنکوورییەکانی کوردستان دوو پلەی ژێر سەدیان تۆمار کرد

20:54 - 21 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: دوو قوتابیی بەشدار بووی کۆنکووری سەراسەریی ئێران، لە شارەکانی مەریوان و ڕوانسەر، توانییان پلە بەرزەکانی ئەو تاقیکارییە لە وڵاتی ئێران ببەزێنن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە قوتابیانی بەشداربوو لە کۆنکووری ئەوساڵدا، لە شاری مەریوان و لە ئۆستانی کوردستان، توانیی پلەی ١٤ـی وڵات بۆخۆی تۆمار بکات.

عەبدولڕەحمان ئەشکۆ، ئەو پلەی لە ڕشتەی زانستی مرۆیی، کە زیاتر لە ١٦١ هەزار بەشداربووی هەبووە، بۆخۆی مسۆگەر کردووە.

\"30630.jpg\"
فەرزین فەیزۆڵڵاهی
هەروەها ناوبراو پلەی یەکەمی \"ناوچەی سێ\"ـی بۆ خۆی دەستەبەر کردووە.
بەشدارانی کۆنکووری ئەوساڵ لە مەریوان، بێجگە لەو پلەیە، ٢٩ پلەی دیکەشیان لە ژێر هەزارەوە، بۆ ئەو شارە تۆمار کردووە.

لە ڕوانسەر و لە ئۆستانی کرماشان، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لاوێکی ئەو شارە بەناوی فەرزین فەیزۆڵڵاهی، بووەتە نەفەری ٥٩ی کۆنکووری سەراسەریی ئەوساڵ، لە ڕشتەی زانستی تەجرۆبی‌دا.

ناوبراو خەڵکی گوندی \"قۆری قەڵا\"ـیە و بە وتەی خۆی دەیهەوێت ببێت بە پزیشک و خزمەتی خەڵکی ناوچەکەی خۆی بکات.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ١٥ پلەی سەرتری کۆنکووری ساڵی ٩٥، لەلایەن قوتابیانی دەرەوەی پێتەختی ئێران تۆمارکراوە.

لە ئەزموونی سەراسەریی ئەوساڵدا، نزیک بە ٨٦١ هەزار قوتابی، بەشدارییان کردووە، کە زیاتر لە ٥٠٩ هەزار کەسیان کچ و ژنن.