کۆنفڕانسێک سەبارەت بە بارودۆخی نەتەوەکانی ئێران لە یەکیەتیی ئورووپا بەڕێوە چوو

17:02 - 21 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆنفڕانسێکی تایبەت سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی نەتەوەکانی ئێران  لە یەکیەتیی ئورووپا بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢١ی سەرماوەز، کۆنفڕانسێکی تایبەت بە بەشداریی نوێنەری نەتەوەکانی ئێران، چالاکانی مافی مرۆیی و نوێنەرانی یەکیەتیی ئورووپا، سەبارەت بە بارودۆخی نەتەوەکانی ئێران لە بارەگای سەرەکیی یەکیەتیی ئورووپا لە برۆکسێل بەڕێوە چوو.

لە دەستپێکی ئەو کۆنفڕانسەدا، "تەیموور ئەلیاسی"، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێف، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و "فردریک ڕیس"، بەرپرسی فراکسیونی "ڕینیوو ئورووپا" چەند وتەیەکیان سەبارەت بە دۆخی نەتەوەکانی ئێران و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران، پێشکەش بە بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە کرد.

دواتر "شیرین عیبادی"، براوەی خەڵاتی ئاشتیی نوبێل و چالاکی مافی مرۆڤ، لەو کۆنفڕانسە لە قسەکانیدا، سەرسووڕمانیی خۆی لە بێدەنگی لە هەمبەر سەرکوتی خەڵکی ئێران دەربڕی.

"عیبادی" بە ڕەخنەگرتن لە بازرگانیی ئورووپا لەگەڵ ئێران هاوکات لەگەڵ سەرکوتی خەڵکی ئێران ڕایگەیاند، دەبێ یەکیەتیی ئورووپا، بازرگانیی خۆی لەگەڵ حکوومەتی ئێران بە کۆتاییهێنان بە سەرکوتەکان و ئازادیی زیندانییانی ئێران ببەستێتەوە و داوا لە یەکیەتیی ئورووپا دەکات لە تەنیشتی خەڵکی سەرکوتککراوی ئێران بێت و پشتیوانی لەو خەڵکە بکات.

"شیرین عیبادی" لە درێژەی لێداوانەکەی خۆیدا، ڕایگەیاند، نەتەوەکانی ئێران و ئیتنیکەکانی ئێران خوازیاری جیای لە ئێران نین و جیاخوازی بیانوویەکە بۆ سەرکوتی زیاتری نەتەوەکان لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە.

"عیبادی" هەروەها لە لێدوانەکەی خۆیدا، پێداگریی لەسەر ئەوە کرد، ئورووپا ماوەی ٢٠ ساڵە لە تەنیشت حکوومەتی ئێران ڕاوەستاوە و باڵوێزە ئورووپاییەکان دەبێ ناڕەزایەتیی خۆیان بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان دەرببڕن.

"شیرین عیبادی" لەو کۆنفڕانسەدا وتی، هەناردەکردنی شۆڕش ماوەی ٤٠ ساڵە بووەتە هۆی هەژاری لە ئێران و ئێمە مافی مرۆڤ و دێموکراسیمان دەوێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆنفڕانسەدا، "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەند وتەیەکی لە پەیوەندی لەگەڵ بارودۆخی کوردستانی ئێران لە یەکیەتیی ئورووپا پێشکەش کرد.

مەبەست لە ستەمی نەتەوەیی کۆی ئەو بارودۆخەیە کە بە پێوەرە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکان و بە بەراورد لەگەڵ ناوەند، ناوچەی نەتەوە غەیرەفارسەکان ستەمیان لێ دەکرێت و دەچەوسێندرێنەوە. تایبەتمەندیی ناوەندگەرایی و دەوری یەکلاکەرەوەی ئیدیۆلۆژی ناسیۆناڵیزمی ئێرانی، وای کردووە کە ناسنامەی ناوەند دژ بە ناسنامەی ئەوانی تر بێت. لەم سۆنگەوە هەر بڕیار یان پرۆسەیەک کە لە ناوەندەوە بەرەوڕووی بوون و مانەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە بووەتەوە، ڕاستەوخۆ ناسنامە و ئاسایشی ئەوانی کردووەتە نیشانە. دەسەڵات لە ئێراندا مانایەکی نادێموکراتیک، خۆسەپێنەر و داگیرکەری هەیە و بەردەوام هەوڵی داوە سەرجەم سامان و سەرچاوەکانی ناوچە نەتەوەییەکان تاڵان و کۆنترۆڵ بکات.

"مستەفا هیجری" هەروەها ڕایگەیاند: "ستەمی نەتەوەیی لە ئێران لەسەر دوو جومگە خۆی ڕاگیر کردووە، یەکەمیان پێکهاتەی حکومەت و یاسا و دەسەڵاتەکەیەتی. دووهەمیان بەناو ئۆپۆزسیۆن، ڕۆشنبیر، ئاکادیمسییەن و تیۆرسییەنەکانی چەمکی ئێرانشار و شۆڤێنیزمی ئێرانییە کە گوتار و دەق بەرهەم دەهێنن و دەرخواردی دەسەڵاتی ستەمکاری دەدەن تا پاساوێک بۆ زیاتر لە سەد ساڵ چەوساندنەوە ساز بکەن. تەنانەت بەشێک لە بەناو ئۆپۆزسیۆن زیاتر لەوەی کە کەڵکەڵەی ڕووخاندنی ڕێژیمی سیاسی ئێستایان هەبێت، نیگەرانی بێ جێی دواڕۆژی خاکی ئێرانن و ترسێکی شاراوە کە لە توێی نووسین، هەڵوێست و بۆچوونەکانیاندا بە ئاشکرا دەردەکەوێت".

ڕابردوو سەلماندوویەتی هەر سیستمێکی سیاسی کە لە وڵاتێکی فرەنەتەوەدا لە بەر یەک هەڵدەوەشێتەوە و هەر وڵاتێک لەم چەشنە کە پارچە پارچە دەبێت، ئەنجامی کۆکردنەوەی لەڕادەبەدەری دەسەڵاتە لە ناوەند و هەڵاواردن و ئینکارکردنی ئەوانی ترە کە دواجار دەبێتە هۆی تەقینەوەی ناڕەزایی و ڕقی پەنگخواردوو و ڕادیکاڵیزمی شۆڕشگێڕانەی ستەملێکراوەکان. کورد و ئەوانی تری دەوڵەتی ئێران بە دوای سەروەری و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانن بە هەر شێوەیەک کە بۆیان بگونجێت.

لە درێژەی ئەو کۆنفڕانسەدا، بەرپرسی ڕێکخراوی فەرانسەوەی "بەربەرەکانێ لەگەڵ سزای لەسێدارەدان" و نوێنەری نەتەوەکانی دیکە ئێران چەند قسەیەکیان سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی نەتەوەکانی ئیران کرد.

ئەم کۆنفڕانسە بە هاوکاریی فراکسیۆنی ''ڕینیوو ئورووپا'' و ''کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژێنێڤ" بەڕێوە چوو.