کۆنفرانسی پراگ بە هێنانە گۆڕی پرسی ئێتنیکی _ نەتەوەیی بەردەوامە

21:56 - 28 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: سێیەمین کۆنفرانسی پێشڤەچوونی یەکیەتی بۆ دێمۆکراسی دوێنێ بە ئامادە بوونی زۆربەی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی ئێران دەستی بە کارەکانی کرد.

ئەو کۆنفرانسە سێیەمین دانیشتنی پاش کۆنفرانسەکانی ئۆسلۆ و بروکسێلە کە بۆ دۆزینەوەی ریکارێک بە مەبەستی دەرباز بوون لە قەیرانی ناهاوئاهەنگیی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات پێک دەهێنرێت.

ئەو کۆنفرانسە لە چەندین بەشی جۆراوجۆر و بە ئامادە بوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە کەسایەتیی سیاسی، رۆشنبیر و بەرپرسانی سەروەی پارت و رێکخراوە ئێرانییەکان دەستی بە کارەکانی کرد و هەروەها کۆمەڵیک رێکاری جۆراوجۆر بۆ گەیشتن بە هاودەنگی و دەستەبەر بوونی ویست و داخوازی سیاسی و نەتەوەیی لایەنەکانی ئێرانی تاووتوێ کرا.

\"9792.jpg\"
لەو دانیشتنەدا کۆمەڵێک رۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ تیشکیان خستەسەر مەسەلەی ژنان و کێشە هەنووکەییەکانیان کەلە کۆمەڵگای ئێراندا ژنان بەرەوڕووی دەبنەوە.

موحسین سازگارا لەو کۆنفرانسەدا رایگەیاند: ئێمە وەک ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی ئێران کە وەک پێویستییەک بۆ ئێستا دەبێ چ بکەین؟ ٦ پێشنیار دەخەمە روو، یەکەم: پێکهێنانی دۆخێکی ئازاد بۆ گفتوگۆ کردن، دووەم: رێکخستنی و کاناڵیزە کردنی خەڵک، سێیەم: وڵاتانی دەرەوە بکەینە هاوكێشەی سیاسیی خۆمان، چوارەم: کارێک بکرێت ئەندامانی سپای پاسداران لەو دەزگا سەرکوتەی حکوومەتی ئیسلامی ئێران بکشێنەوە، پێنجەم: رێکخستنێکی گشتگیر و سەرانسەری و \"9793.jpg\"
هەروەها شەشەم: کەڵک وەرگرتن لە راگەیاندنەکان.

شەهریار ئاهی لەو کۆنفرانسەدا جەختی لەسەر هەڵبژاردنی ئازاد کردەوە و گوتی کە ستراتیژی هەڵبژاردن، ستراتیژییەکی گرینگە، بەڵام لە هەمان کاتدا واتای دێمۆکراسییەکی بە تەواوەتی نیە.

لەناو حیزبە کوردییەکانیشداجێگری سکرتێکری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی مەسەلەی نەتەوەیی باسی کرد و رایگەیاند: کە ئێمە بە دوو شێوە دەتوانین تەوایەتی خاکی وڵاتی ئێران گەرەنتی بکەین، یەکەم ئەوەی کە لەژێر سێبەری توندوتیژی و سەرکوتدا بە شێوەیەک کە کەس دەنگی لێ بەرز نەبێتەوە، یان ئەوەی کە مافی یەکسان بدرێ بە هەموو نەتەوەکانی ئێران.

\"9794.jpg\"
حەسەن شەرەفی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا داوای لە حیزبە ئێرانییەکان کرد بە وردی سەرنج بدەنە بەرنامەی سیاسیی حیزبە کوردستانییەکان هەتا بزانین لە هێچ شوێنێکدا مەترسی بۆ سەر تەواویەتی خاکی وڵاتی ئێران لە ئارادا نیە.

عەبدووڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەمەڕ مەسەلەی نەتەوەیی لە ئێراندا رایگەیاند: رێکاری ئێمە بۆ ئەم بابەتە، پێکهێنانی سیستمێکی سیاسی، دێمۆکراتیک، سێکۆلار کە بەدوور بێت لە سیستمێکی ناوەندگەرا، سیستمی فێدرالی لەگەڵ ئەوەی کە هاوتەریبی یاسا نێونەتەوەییەکانە لە هەمان کاتیشدا دژی هیچکام لە یاساکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان نیە، بەڵکوو دابەشکردنی دەسەڵاتە بەسەر هاووڵاتییانە.

هەروەها گوڵاڵە شەرەفکەندی لە بەشی تایبەتی ئەو کۆنفرانسەدا کە تایبەت بە کێشەکانی بەردەم بەشداری و رۆڵی ژنان لە چالاکییە سیاسیەکاندا بوو، گوتی: چەندین گرفت لە کۆمەڵگای ئێراندا بەرەوڕوی ژنان دەبنەوە بۆ وێنە کێشەی نەریتی و دواکەوتوانەی ناو بنەماڵە کە باڵی بەسەر وڵاتدا کێشاوە، بۆیە ئەگەر ژنێک بیهەوێ لەم مەسەلەیە دەرباز بێت دەبێ نرخی زۆری بۆ بدات، من بۆ خۆم هاوکات لەگەڵ کێشەی نەریتی و بنەماڵەیی، کێشیەکی دیکەش بە ناوی کورد بوون بەرەوڕووم دەبێتەوە، بۆیە لێرە دایە کە هاوکات بەرەوەڕووی دوو شێوە هەڵاواردن دەبمەوە، یەکەم هەڵاواردنی شوناسی، دووەم هەلاواردنی ئیتنیکی یان نەتەوەیی. ویستی من تێکەڵاوێکە لە ناسنامەی ژن بوون و ناسنامەی نەتەوەیی.