سەلاسی باوەجانی؛ فارووق مەحموودی، ٤ ڕۆژ پاش تەقەی هێزە نیزامییەکان و سەختیی برینەکانی هێشتا لە نەخۆشخانەیە

21:03 - 4 جۆزەردان 2726

٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥؛ پاش تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ لە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە بازاڕی سنووری "شێخ سێڵە" لە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی "شێخ سێڵە" سەر بە سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان، بە ناوی "فارووق مەحموودی"، ناوبراو بە هۆی سەختیی برینەکانییەوە بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکی جەنگی هێشتا لە نەخۆشخانەی جوانڕۆدا خەوێندراوە و نەشتەرگەریی بۆ دەکرێ.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "فارووق مەحموودی" کوڕی سەیدکەریم، لاوی خەڵکی گوندی "شێخ سێلە"، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٥، لە بازاڕی سنووریی شێخ سێڵە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان بە بێ هۆکاری ڕوون بەسەختی بریندار بووە و تاکوو ئێستا لە نەخۆشخانەی جوانڕۆدا چارەسەر وەردەگرێ و نەشتەرگەریی بۆ دەکرێ.

بازاڕی سنووری شێخ سێڵە لە پارێزگای کرماشان و نزیک سنووری عێراقە و گرینگترین بنکەی فەرمیی بازرگانیی سنووری بە ئەژمار دێت. ئەم بازاڕە لە ساڵی ١٣٧٥دا چالاک بووە و ڕۆڵێکی گرینگی لە هەناردەکردن، گەشەی ئابووریی ناوچەکە و کارکردنی خەڵکی سنووردا هەیە. بەم حاڵەوە زۆربەی خەڵکی خۆجێی لەم ناوچەیەدا خەریکی کرێکاری و کۆڵبەرین و ناوچەی سنووریی کوردستان بە هۆی سیاسەتە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کەشی توندی ئەمنییەتی، بوونی بەرجاوی هێزە نیزامییەکان و مەترسیی تەقەی راستەوخۆ و گوللەباران بەرەوڕووون.