ورمێ؛ فرووزان نەوجەوان(ئیسلامی) پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرا
٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، فرووزان نەوجەوان(ئیسلامی)، خەڵکی ورمێ و مامۆستای زمانی ئینگلیزی و بەرپرسی ئاکادێمیای زمانی "نەوجەوان" پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم مامۆستای زمانی ئینلگیزییە لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە ڕەوانەی بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ کراوە.
ئەم سەرچاوەیە وتیشی: لقی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ ئیزنی ئازادیی کاتیی بەم ژنە نەداوە و ناوبراو تاکوو ئێستا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەر کراوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥، فرووزان نەوجەوان(ئیسلامی) خەڵکی ورمێ، مامۆستای زمانی ئینگلیزی و بەرپرسی ئاکادێمیای زمانی "نەوجەوان" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لەم شارە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئەمنییەتیی "٩ پلە"ی ورمێ ڕاگوێزرا.
فرووزان نەوجەوان(ئیسلامی) لە بلاگێرە ناسراوەکانی کورد لە ورمێیە و تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە .