کۆنفرانسی بەڕێوەبەریی سەرچاوەکانی ئاو لە سنە دەستی پێکرد

16:53 - 1 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: زانستگەی کوردستان لە سنە خانەخوێی شەشەمین کۆنفرانسی سەراسەری بەڕێوەبەریی سەرچاوەکانی ئاو لە ئێراندایە.

بە پێی هەواڵە بڵاوبووەکان، لە ئێمڕۆوە کۆنفرانسێکی سێ ڕۆژە لەمەڕ دۆخی بەڕێوەبەریی ئاو و ئیکۆلۆژی زەوین بەڕێوەدەچێت کە زیاتر لە ٢٠ توێژەر و لێپرسراوی دەوڵەتی لە سەر ئەو بیاڤە قسە و باس دەکەن.

پێوەندیی ئیکۆلۆژی سووڕانی ئاو لەگەڵ نەگۆڕی سەرزەمینی، تەوەری بنەڕەتی کۆنفڕانسەکەیە.

جێگری وەزیری وزە لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنفڕانسەکەدا ڕایگەیاند: بنەمای زانستیی وڵات لە بەڕێوەبەریی ئاودا بەهێزە بەڵام پێوەندی نێوان زانست و کردەوە، لاوازە.

ڕەحیم مەیدانی لە درێژەدا، بەرنامە و کاری جێبەجێکراو لە ڕابردووی بە بێبەریبوون لە بەردەوامیی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە قەڵەم دا.

زۆرێک لە بەرپرسانی حکوومەت وەکوو وەزیری وزەی دەوڵەتی ڕووحانی، دۆخی سەرچاوە ئاوییەکانی وڵات بە \"قەیرانی جیددی\" ناوزەد دەکەن.

بەڕێوەبەری زانستیی کۆنفرانسی سنە باسی لە پێشکەشکردنی ٢٢٦ وتار بە شێوەی پۆستر و دواندەری کرد و وتی: زۆرێک لە ناوەندە زانستییەکان، توێژینەوەکان، ڕێکخراوە جێبەجێکارەکان و شیرکەتە ڕاوێژکارییەکان بە ناردنی وتار، بەشداری لەو کۆنفرانسەدا دەکەن.

دوکتور پەروویز فەتاحی بە هەواڵدەریی ئیرنای وتووە کە ڕاکێشانی سەرنجی لێپرسراوانی وڵات، پێشکەشکردنی ڕێکاری بنەڕەتی و بەڕێوەبەریی باشی سەرچاوەئاوییەکان و پێکهێنانی کەشی پێکەوەیی و هاوبۆچوونی لە نێوان توێژەران و بیرمەندان، گرینگترین ئامانجەکانی شەشەمین کۆنفرانسی سەرانسەریی بەڕێوەبەریی سەرچاوەکانی ئاو لە ئێراندا دەبێت.

ماڵپەڕی کۆنفرانسەکە، ناوی وەزیرەکانی وزە، جیهادی کشاورزی و بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگەی وەک \"دواندەری سەرەکی\" کۆنفرانسەکە هێناوە و نووسیویەتی کە وتارە هەڵبژێردراوەکان لە بڵاڤۆکی زانستیی ـ توێژینەوەیی سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران بڵاو دەکرێنەوە.

مەعسوومە ئێبتکار ٢ ساڵ لەمەوبەر لە سنە ڕایگەیاندبوو کە ئێران خرابترین نموونه‌ی مەسرەفی ئاو و وزە لە دنیادایە.

هەروەها بەوتەی وەزیری وزە، لە کۆی ٦٠٩ دەشتی ئێران، ٢٩٨ دەشت بیلانی مەنفیی سەرچاوەی ئاوی ژێرزەوینییان هەیە.

\"29983.jpg\"

\"29984.jpg\"

\"29985.jpg\"