کۆنسێرتی گرووپی مۆسیقای "گلاریسـ"ـی کرماشان بۆ شەوی یەڵدا هەڵوەشایەوە

17:20 - 27 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەت لە کرماشان، پێشیان بە کۆنسێرتی گرووپی مۆسیقای ژنانی "گلاریسـ"ـی کرماشان لە شەوی یەڵدادا گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆنسێرتی گرووپی مۆسیقای ژنانی "گلاریسـ"ـی کرماشان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە بۆ شەوی یەڵدا، پێشی پێگیرا و هەڵوەشایەوە.

گرووپی مۆسیقای ژنانی "گلاریس" بڕیار بوو بۆ شەوی یەڵدا، کۆنسێرتێک لە هۆتێلی "پارسیانـ"ـی کرماشان بەڕێوە ببات کە لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری کرماشان هەڵوەشایەوە و گرووپێکی پیاوانە، ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدا لەو هۆتێلە بەڕێوە دەبەن.

گرووپی ژنانی "گلاریس" لە ساڵی ٩٦ی هەتاوی لە کرماشان دامەزراوە و لە بواری مۆسیقای فۆلکلۆر و کلاسیک چالاکیی هەیە و هەتا ئێستا چەندین کۆنسێرتی لە شاری سلێمانی و کفری، چوارمەحاڵی بەختیاری و کرماشان بەڕێوە بردووە.

گرووپی ژنانی "گەلاریسـ"ـی کرماشان، لە هەڵویستێکی بوێرانەدا لە هەمبەر هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا، سەرەڕای دوو مانگ تەمرین، بانگهێشتی کاناڵیTRT  تورکیەیان ڕەت کردەوە.