کۆنسولگەریی ئێران لە هەولێر لە پەیوەندیی لەگەڵ شەڕی شاری شنۆ ، ناڕەزایەتی دەربڕیووە

22:25 - 23 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆنسولگەری حکوومەتی ئێران لە شاری هەولێر بە نیسبەت حزووری پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە قوڵایی خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ناڕەزایەتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

کۆنسولگەریی ئێران لە شاری هەولێر لەو بارەیەوە بە هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیرنا\" ڕایگەیاندووە: \"هەیئەتی کۆنسولگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هەولێر بە سەرپەرەستیی بورهانی کارناسی باڵای نوێنەرایەتی، لە دیدارێکدا لەگەڵ یەکێک لە بەرپرسانی نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق، وێڕای پێدانی نووسراوەیەک، ناڕەزایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە پەیوەندیی لەگەڵ جموجۆڵەکانی ئەم دواییانەی گرووپە تێرۆریستییەکان لە هێندێک لە سنوورەکان، بە شێوەی فەرمی پێیان ڕاگەیاندراوە\".

لەو ڕاپۆرتەدا داهاتووە کە، هەیئەتی کۆنسولگەریی ئێران لە هەولێر لە سەر بەرەنگاربوونەوە دژی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێداگریان کردووەتەوە.

ئەو دیدارەی کۆنسولگەریی حکوومەتی ئێران لە شاری هەولێر پاش شەڕ و تێکهەڵچوونی هێزەکانی سپای پاسداران لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە شاخی \"سیا کێو\"ی شاری شنۆ ئەنجام دراوە.

لەو دیدارەدا خاتوو \"سیهام مامەند\"، بەرپرس لە نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاندووە: \"ئیرادەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە سەر بنەمای پەرەپێدان و پتەوترکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئێران دامەزراوە و وێڕای ناڕەزایەتی لە ڕووداوەکانی ئەم دواییانە، هەرێمی کوردستانی عێراق ئیزن نادات پەیوەندیی دروست و ئەرێنی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە بەم چەشنە هەوڵانە بخرێتە ژێر مەترسییەوە\".

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی جۆزەردان، فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک شەڕ و تێکهەڵچوونی پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە و سپای پاسدارانی لە ناوچەی شنۆ پشتڕاست کردەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتبوو، راگەیەندنەکانی ڕێژیمی ئیسلامی و هێندێ میدیای دیکە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا دەنگۆی شەهیدبوونی ٧ پێشمەرگەیان ڕاگەیاندبوو، بۆیە لەو پێوەندییەدا وێڕای وەدرۆخستنەوەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی، هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ زیانێک وەبەر هێزی پێشمەرگە نەکەوتووە و پێشمەرگەکانی کوردستان بە سڵامەت درێژەیان بە ئەرک و مەئموورییەتەکانی خۆیان داوە.

قەرارگای حەمزە ئیددعای ئەوەی کردووە، کە هێزەکانی سپای پاسداران لەو شەڕدا، هیچ کوژرا و بریندارێکیان نییە، بەڵام فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان باسی لە زەرە و زیانی قورسی بەرکەوتووی سپای پاسداران لە لایەن پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە کردووە.