کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان - ژێنێڤ: تیربارانکردنی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور جینایەت دژی مرۆڤایەتییە

12:30 - 6 پووشپەڕ 2720

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان - ژێنێڤ، تیرباران کردنی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، زیندانیی سیاسیی کوردی بەتوندی مەحکووم کرد و ئەو تاوانەی بە "جینایەت دژای مرۆڤایەتی" ناو لێ برد.

"تەیموور ئەلیاسی"، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان_ژنێف لەمبارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان - ژێنێڤ، لە نامەیەکدا بۆ ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران، نووسینگەی یەکیەتیی ئورووپا لە ئێران و نووسینگەی کۆمساریاری مافی مرۆڤ، وێڕای مەحکوومکردنی تیربارانی "هیدایەت"، خوازیاری دژکردەوەی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی سەبارەت بەو پرسە بوو.

نوێنەری کۆمەڵی مافی مرۆڤی کوردستان - ژێنێڤ داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکات کە لە دژکردەوەی تیربارانکردنی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، حکوومەتی ئێران مەحکووم بکەن.

ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیندانیی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام لە یەکێک لە پادگانەکانی شاری شنۆ جێبەجێ کرا.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕ، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.

"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام، خەڵکی شاری شنۆ، ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ٩٥، دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٤٩ ڕۆژ پاش شەڕی نێوان پێشـمەرگەکانی حدکا و سپای پاسداران لە گوندی قەرەسەقەل بۆ ماوەی ٧٤ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوو.

"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکەی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ساڵی ٩٥، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، حوکمی ئێعدامی بە تۆمەتی "بغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بەسەر "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" سەپاند.

 ئەو حوکمە لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرابووەوە و دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دووبارە ڕەوانەی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ کرابوو.

دادگاییکردنی دووبارەی ئەو زیندانییە سیاسییە مەحکووم کراوە بە ئێعدام، ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٦، بە ئامادەبوونی نوێنەری دادستانی شاری ورمێ بەڕێوە چوو و ناوبراو بۆ دووەمین جار بە ئێعدام مەحکووم کرا و ئەو حوکمەش ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری هەمان ساڵ بەو زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندرابوو.

دۆسیەی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" پاش بڕینەوەی حوکمەکەی لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ ڕەوانەی لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات کرابوو و ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ٩٧، پشتڕاست کاریەوە و حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.